بارەگای بارزانی: لایەن و کەسایەتییەکانی عێراق، بەڵێنیان داوە کێشەی مووچە چارە بکەن

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: لایەن، کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی فیدراڵ، بەڵێنیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان چارە بکەن.

شەممە 12ـی تەممووزی 2025، بارەگای بارزانی لەبارەی کێشەی ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە، بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبووەوە.

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە دا، هەر ئەمڕۆ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی وڵاتەکە گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە، كە لایەن، کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی فیدراڵ، بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکان چارە بکرێن.

بارەگاکە ئاشکرای کرد، لەسەر داوا و بەڵێنی کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی فیدراڵ، لە پێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراق لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزێتەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، هەمیشە بڕوامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لە یەکترتێگەیشتن كێشەكان چارە بكەین.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment