سوودانی بۆ ئەردۆغان: ڕێککەوتنی تورکیا و پەکەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پرۆسەی ئاشتیی تورکیایان تاوتوێ کرد.

شەممە 12ـی تەممووزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا قسەی کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سوودانی و ئەردۆغان تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان کرد، هەروەها باسیان لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان کرد.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە، سوودانی پیرۆزبایی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەردۆغان کرد و جەختی لەوە کردەوە، پرۆسەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتی ناوچەکە و گرنگی پێکەوەکارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لوبنان و پێویستیی گەیاندنی هاوکاری بە پەلە بۆ دانیشتووانی کەرتەکە کرد.

هاوکات، هەردوولا جەختیان لە پێشگرتن لە پەرەسەندنی زیاتر و چارەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دیالۆگ، یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.

هەینی 11ـی تەممووزی 2025، پرۆسەی چەکدانانی گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنەی سەر بە ناوچەی سوورداشی قەزای دوکان، کە ژمارەیان 30 کەس بوون، وەک نیازپاکی لە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.

لە بەرانبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی قۆناغی یەکەمی چەکدانانی گرووپەکە ڕایگەیاند، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا هەڵدرایەوە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پشتیوانیی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment