ناتانیاهۆ: دۆناڵد ترەمپ باشترین دۆستی ئیسرائیلە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ستایشی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کرد و بە "باشترین دۆستی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی" وەسفی کرد.

بنایامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، ڕایگەیاند، پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زۆر بە هێزە و بە "باشترین دۆستی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی" وەسفی کرد.

گوتیشی: دوای ڕووخانی حزبوڵڵا و لەناو چوونی بەرەکەی، ئێران هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی خێراتر کرد،

ناتانیاهۆ هۆشداریدا لەوەی ئێران ئامادەیە چەکی ئەتۆمی دژی ئیسرائیل بەکاربهێنێت ئەگەر خاوەندارێتی بکات و دەشڵێت: "ئێمە بینیمان و گوتمان: لە ماوەی ساڵێکدا ئێران بۆمبی ئەتۆمی دەبێت، و لە دژی ئێمەبەکاریدەهێنێت و لەناومان دەبات."

ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، هێرشەکانیان بۆسەر ئێران وەک لەناوبردنی خانەی شێرپەنجەیی بوون و ئەگەر ئەو هێرشە ڕووی نەدابا، ئیسرائیل ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە دەبۆوە، هەرچەندە حکوومەتی ئێستای تاران لە کێشەیەکی گەورەدایە و چاویان لەسەر هەڵناگرن.

ناتانیاهۆ گوتیشی: "ئێمە لە ڕابردوودا زانایانی ئەتۆمی ئێرانمان کوشتووە، بەڵام وەک ئەو زانایە باڵایانە نییە کە لە جەنگی 12 ڕۆژەدا لەناومان بردن، پێویستە ئێران لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بهێڵینەوە."

دەشڵێت: سەرکەوتنێکی گەورەمان بەسەر ئێراندا بەدەستهێنا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کار لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەکەینەوە.

سەبارەت بە غەززە، نەتانیاهۆ دەڵێت: "ئێمە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی 60 ڕۆژە لە غەززە، لە دوایین سەردانمدا بۆ ئەمەریکا لەگەڵ ترەمپ کارم کردووە لەسەر ڕێککەوتنێک لە غەززە، هیوادارم ئەو ڕێککەوتنە بکرێت".

ناتانیاهۆ ئەوەشی خستە ڕوو کە ئیسرائیل لە کۆتاییدا هەموو ئامانجەکانی لە غەززە بەدەست دەهێنێت، لەوانەش لەناوبردنی حەماس.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment