ئەحمەد شەرع لە ئازەربێجان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە

سەرچاوەیەکی سووری بە i24 news ـی ڕاگەیاندووە، تا ئێستا دوو بۆ سێ کۆبوونەوە لەنێوان لایەنی سووری و ئیسرائیلی ئەنجامدراون ، لەوانەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەحمەد دالاتی، هەماهەنگیکاری ئەمنیی نێوان حکوومەتی سووریا و لایەنی ئیسرائیلی.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە ئازەربێجان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە سەرباری ئەوەی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە شەرع ئامادەی ئەم کۆبوونەوەیە نابێت، ئاماژەی بەشکردووە، کۆبوونەوەکە دوو گەڕ یان زیاتر لەخۆ دەگرێت لەنێوان هەردوولادا. 

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە هەواڵییە، شاندی ئیسرائیل بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرح، لە ئاستی نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەمنی و سەربازیی.

ئەوەی ئاشکرا بووە، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە وردەکاریی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئیسرائیل و سووریا کە بڕیارە ئیمزای بکەن، لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران لە سووریا و لوبنان و چەکەکانی حزبولڵا و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین، هاوکات پرسی خیوەتگەی فەڵەسیتینییەکان لە لوبنان و ئایندەی ئاوارەکانی غەززە لە ناوچەکە.