نیویۆرک تایمز: ناتانیاهۆ لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵات شەڕی غەززە درێژ دەکاتەوە
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بۆی دەرکەوتووە، لە ژێر فشاری هاوپەیمانانی ڕاستڕەوی توندڕەودا، ناتانیاهۆ دانووستانەکانی لە ساتەوەختێکدا خاوکردەوە کە بزووتنەوەی حەماس زۆرترین ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن هەبووە.
ڕۆژنامەکە لە زاری زیاتر لە دەیان سەرچاوەی ئیسرائیلی و ئەمەریکی و عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ئەنقەست و تەنیا لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵات، لەمپەر لە بەردەم هەوڵ و هەنگاوەکانی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە دروست دەکات، ئەمەشی تەنیا لە پێناو مانەوەیە لە دەسەڵات.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: دەکرا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نیسانی 2024 بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕازی بێت، بەڵام لە پێناو مانەوەی لە دەسەڵات، ڕەتیکردەوە ئەو کارە بکات.
ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تاتمز لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو هەفتەیە شاندی حەماس و ئیسرائیل لە دەوحەی قەتەرن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی دیکەی ئاگربەستی شەڕ، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ژێر فشاری هاوپەیمانی ڕاستڕەوی توندڕەودا، ناتانیاهۆ دانوستانەکانی لە کاتە هەستیارەکاندا خاوکردووەتەوە، بە تایبەت ئەمجارە بزووتنەوەی حەماس لە هەموو کات زیاتر ئامادەیی هەبووە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن.
هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی سەرەتای ئەمساڵ کردووە و نووسیویەتی، لە مانگی ئاداردا، ئیسرائیل بە فەرمانی نەتانیاهۆ ئاگربەستی پێشێلکرد، تەنیا بۆ ئەوەی هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەخۆی توڕە نەکات، لەگەڵ ئەمەشدا خودی ناتانیاهۆ سوودمەند بووە و توانیویەتی لە دەسەڵات بمێنێتەوە و زۆرترین قۆرخکاریی بکات.
لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا کە ئاگربەستەکەی 19ـی کانوونی دووەمی لە غەززە شکاند و لە 18ـی ئادارەوە جارێكی دیكه دەستی پێکردووەتهوه، حەوت هەزار و 118 هاووڵاتی فەڵەستینی كوژراون و 25 هەزار و 368 کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکوو ئێستا بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە كوژراون، گەیشتووەتە 57 هەزار و 680 کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتوونەتە 137هەزار و 409 کەس.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێشتا تەرمی هەزاران کەس لەژێر پاشماوهی خانوو و باڵهخانه ڕووخاوهكانی کەرتهكه ماون و نهتوانراوه دهربهێنرێن.