له رووسیا كوردێك بۆ سێیه‌مجار وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی خۆجێی كراسنه‌دار هه‌ڵبژێردرایه‌وه
ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی كوردی لێیه
K24 - مۆسكۆ:
زۆرۆیێ رۆسته‌م، ئه‌ندامی پارتی یه‌كگرتووی رووسیا، كه پارتی فه‌رمانڕه‌وای رووسیایه، بۆ جاری سێیه‌م بە ئه‌ندامی په‌رله‌مانی خۆجێی كراسنه‌دار هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
كراسنه‌دار، یه‌كێكه له‌پارێزگا گه‌وره‌كانی باشوری رووسیا و به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 2020 ژماره‌ی دانیشتوانی 932629 كه‌سه، زۆرترین ژماره‌ی كورد له‌م پارێزگایه‌دا ده‌ژین. به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 2010 ژماره‌ی كورد له‌و پارێزگایەدا 10922 كه‌س بووە، به‌ڵام كورده‌كانی كراسنه‌دار ده‌ڵێن: ژمارەمان له 22 هه‌زار كه‌س زیاتره.
زۆرۆیێ رۆسته‌م، له‌ساڵی 2010 چووه ناو كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كراسنه‌دار و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو بوو بە ئه‌ندامی په‌رله‌مان. جاری دووه‌میش له‌ساڵی 2015 بە ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرایه‌وه. له‌جاری سێیه‌مدا، كه دوێنی 13-9-2020 به‌ڕێوه‌چوو، به‌پێی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان زۆرۆیێ رۆسته‌م 72.78% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه‌و بۆ جاری سێیه‌م بەئه‌ندامی په‌رله‌مانی كراسنه‌دار هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
زۆرۆیێ رۆسته‌م له14 -10-1972 له گوندی حه‌كۆی ئه‌رمینیا له‌دایكبووه. هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرایه له‌بواری زانستە ئابوورییه‌كان. یه‌كێكه له كادره دیاره‌كانی پارتی یه‌كگرتووی رووسیا، كه پارتی فه‌رمانڕه‌وای رووسیایە و ئه‌ندامی فراكسیۆنی هه‌مان پارته له په‌رله‌مانی كراسنه‌دار.