کوێستان محەممەد: ژمارەیەک پشکنەری کار سوێندی یاساییان خوارد

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە پشکنەرانی کار سوێندی یاساییان خوارد و بڕوانامەش وەردەگرن، لەو کابینەی حکوومەتدا توانیوومانە برەوێکی باش بە مافی کرێکار و دەستەبەر بدەین.
یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە پشکنەرانی کار سوێندی یاساییان خوارد و بڕوانامەش وەردەگرن.
گوتیشی: یەکەمجارە لە میژووی حکوومەتی هەرێم، وەزارەتی کار دەبێتە خاوەنی پشکنەرانی کار، کە ئەو پشکنەرانە لەگەڵ لیژنەکان دەچنە شوێن کارەکان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی کار، ئاماژەی بەوەش دا، پیشتر کە پشکنەرانی کار دەردچوون بەڵام لەبەر ئەوەی پشکنەری کاریان لەگەڵ نەبوو، نەیاندەتوانی هیچ ڕێکارێکی یاسایی بگرنە بەر.
دەشلێت: ئێستا لیژنەکان کەدەچنە شوێن کارەکان هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرنەبەر، کە تاوەکوو ئێستا چەندین کۆمپانیا و شوێن کاریان داوەتە دادگا، لەگەر شوێنێک کرێکارێک کەوتبێتە خوارەوە و مردبێت یان کەمئەندام بووبێت، ئەوە ڕاستەوخۆ لیژنەکە چوونەتە شوێنەکە و سەرەتا کارەکەیان ڕاگرتووە و بەدواداچوونیان بۆ هۆکاریی گیان لەدەستدان یان کەمئەندام بوونی ئەو کرێکارە کردووە، ئەگەر خاوەن کار هۆکار بووبێت دراوەتە دادگا.
ڕاشیگەیاند، ئێمە لەو کابینەی حکوومەتدا توانیوومانە برەوێکی باش بە مافی کرێکار و دەستەبەر بدەین.