دەرمانەکانی کێش دابەزاندن کێشەی دەروونی دروست دەکەن

دوای زیادبوونی خواست لەسەر ئەو دەرمانانەی کێشی جەستە بەشێوەیەکی خێرا دادەبەزێنن، توێژینەوەکان دەریانخستووە، بەکارهێنانی دەرمانی خۆلاوازکردن، کێشەی دەروونی دروست دەکات. 

لەسەر ئەم بابەتە توێژینەوەیەکی هاوبەشی تەندروستی لە کەنەدا و ئەمەریکا کراوە و هەزار و 500 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 15-35 ساڵ بووە، بەشداریان لە توێژینەوەکە کردووە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی دەرمانی خۆلاوازکردنیان بەکار هێناوە، بەشێوەیەکی خێرا کێشیان دابەزیوە، بەمەش وەک ڕێگە چارەیەک سەیری ئەم دەرمانانەیان کردووە، لەلایەک زیادەڕەویان لە خواردانیدا کردووە و لەلایەکی دیکەوە کاریگەرییەکی نەرێنی دەروونی لەسەر بەکارهێنەرانی دەرمانەکان دروستکردووە.

کایت گانسۆن، بەرپرسی توێژینەوەکەیە و دەڵێت؛ ناکرێت ئەو کێشە دەروونیانە پشتگوێ بخەین کە تووشی بەکارهێنەرانی ئەو جۆرە دەمانانە دەبێتەوە، هەربۆیە گرنگە هەموو کەسێک هۆشیار بێت و بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشک بەکاری بێنن.

لە توێژەینەوەکەدا دەرکەوتووە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا خواست لەسەر ئەو دەرمانانە زیادی کردووە، کە بەخێرایی کێش دادەبەزێنن، بەڵام بەشێکی زۆر لە خەڵکی بەبێ ڕێنمایی پزیشک، دەرمانەکانیان بەکار هێناوە، هەربۆیە تووشی کێشەی جۆراو جۆری جەستە بوونەتەوە، لە نێویاندا کێشەی دەروونی.