لاریجانی: فەتوای کوشتنی ترەمپ گرنگ و چارەنووسسازە

محەممەد جەواد لاریجانی، پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتی، فەتوای کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، بە ماددەی موحارب بە کلیلی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی دەزانێت و دەڵێت: ئەم فەتوایە یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە، لە کات و جێگەی خۆیدا بایەخی دەردەکەوێت.
محەممەد جەواد لاریجانی، پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دامەزراوەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند "ئەگەر دووبارە هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ ڕێگریی لەو شێوازانەی دوژمن بۆ غافڵگیرکردنمان بەکاری هێنا. دیارە ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەم جیهانەیان نائارام کردووە و تیرۆریان بە یاسایی کردووە. هەر چەند ئەوە لە کۆتایدا بە زیانی خۆیان گەڕایەوە، چونکە کارە تیرۆریستییەکان تێچووی زۆریان ناوێت و بە پارە و تەکنۆلۆجیایەکی کەم، هەموو کەسێک دەتوانێت بکات."
لاریجانی، ئاماژەی بە فەتوای زانایانی ئاینیی ئێران، دەربارەی بە (موحارب) ناساندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد و گوتی: کاتێک سەرۆکی حکوومەتێک دێت و بە شێوەیەکی فەرمیی، سووکایەتیی بە زانایانی ئاینی و ڕێبەری باڵا دەکات، زانایانی ئاینیی ئێمە، زۆر بە وردی و هۆشیارانە فەتوای بە موحاریب ناساندنی دەردەکەن و فەتواکەشیان لە لایەن ملیۆنان کەسەوە پشتیوانیی دەکرێت.
محەممەد جەواد لاریجانی هەروا گوتی: ئێمە هەر پێویست ناکات گوێڕایەڵی حکوومەت بین. زانایانی ئاینیی ئێمە فەتوایان داوە و ملیۆنان موسوڵمان لایەنگر و پشتیوانیی دەکەن. ئێمە نابێ لە بەهای ئەو فەتوایە کەم بکەینەوە. بەڵکو دەبێت وەک کلیلی گفتوگۆ و بەرەنگار بووەنەوە بەکاری بهێنین. ئەم فەتوایە یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە، لە کات و جێگەی خۆیدا بایەخی دەردەکەوێت.
لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەوان جۆرە تەکتیکێکیان بۆ لێدانی بەرپرسانی ئێمە بەکار هێنا، تەنانەت سیستەمێکی تیرۆریستییان لەناوخۆی ئێراندا ساز کردبوو تاکوو بۆ کردەی تیرۆریستی بەکاری بهێنن، بەڵام لەوەدا شکستیان هێنا. ئەوان جارێکی دیکە ناتوانن بەهەمان شێوازی پێشوو پەلامارمان بدەن. هێزە ئەمنییەکانی ئێمە سیخوڕە دەستنێژەکانی ئەوانی لە ڕەگەوە هەڵکێشاوە.
محەممەد جەواد لاریجانی گوتیشی: ئێمە دەبێ متمانەی خەڵک بە توانایی و بەهێزیی، بە ڕاستگۆییمان بۆ بەرگریی لە شەرەف و سەربەخۆیی خاکەکەمان، پتەوتر بکەین. ئەگەر خەڵک هەست بکەن سیستەمی حوکمڕانیمان سستییەکی تێدایە، لێمان تووڕە دەبن، ئەمەش نیشانەی هۆشیاری و نیشتمانپەروەریی خەڵکە.