ئهنقهره لەماوەی 5 ساڵدا 94 سەرۆك شارەوانی "ھەدەپە"ی دوورخستووهتهوه
ئەو سزایانەی دادگا پلە یەكەكان بە سەر 63 سەرۆك شارەوانیی دوورخراودا چەسپاندویانه لە ماوەی نێوان 2014 و2019 گەیشتە 628 ساڵ و 908 مانگ و323 رۆژ
K24 - ھەولێر:
وەزیری ناوخۆی توركیا، سلێمان سۆیلۆ ژمارەی ئەو شارەوانیانەی راگەیاند، كە لەم ساڵانەی دواییدا لە دەست پارتی گەلانی دیموكرات (ھەدەپە)یان وهرگرتووهتهوه و لە شوێنی ئهوان قەییومیان دامەزراندووە.
لە گوتەیەكیدا لە ئاھەنگی كردنەوەی خولی "دانوستان لە رووداوە كۆمەڵاتییەكان"دا لە شارۆچكەی كیزیلجا حەمام لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، سۆیلۆ گوتی: لە میانی 5 ساڵی رابردوودا، 94 سەرۆك شارەوانی لە پۆستەكانیان دەركراون و قەییوم لە شوێنیان دانراوون.
سۆیلۆ گوتیشی: "ئایا كەسێكی عاقڵ لە ناو پارتی گەلانی دیموكراتی كوردیدا نیە؟ ئەم ساڵ 35 كەس لە ئەندامانیان چوونەتە ناو رێزی پارتی كرێكارانی كوردستان. گیانی مەعنەوی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەمان لەناوبرد. لێمگەڕێن با بە ئامار روونیبكەمەوە. ئەو سزایانەی دادگا پلە یەكەكان بە سەر 63 سەرۆك شارەوانیی دوورخراودا سهپاندویەتی لە ماوەی نێوان 2014 و2019 گەیشتە 628 ساڵ و 908 مانگ و 323 رۆژ، لە كاتێكدا كۆی گشتی ئەو سزایانەی لە كۆتاییدا سهپێنران و جێگیركران 126 ساڵ و 230 مانگ و 62 رۆژن".
سەرچاوە: روسیا الیوم