نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی شەش هەزار منداڵ لە غەززە تووشی بەدخۆراکی بوونە

بەهۆی گەماڕۆی توندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، منداڵان بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.
یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، سندوقی منداڵان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونسێف) ڕایگەیاند: زیاتر لە پێنج هەزار و 800 منداڵی فەلەستینی لە کەرتی غەززە تووشی بەدخۆراکی بوونە، وەزارەتی تەندروستی لەکەرتی غەززە ڕایگەیاندووە، بەهۆی گەمارۆی توندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، منداڵانی غەززە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، تەنانەت دەیان منداڵ بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
یونسێف ئاماژەی بەوە کردووە، زیاتر لە هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.
هەرچەندە پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دابوو، لە بەدخۆراکی لەنێو منداڵان لە کەرتی غەززە، ئەمەش بەهۆی ڕێگریگرتن لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەم کەرتە.
بەگوێرەی ئامارەکان لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 196هەزار کەس کوژراو و برینداربوونە لە غەززە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، دۆخی غەززە لە خراپترین ئاستدایە و لە نێو گەمارۆیەکی توندە و دانیشتووانەکەی پووش، گیا و لە ناچاریان گۆشتی کیسەڵ دەخۆن، کەلوپەلی ماڵەکانیان بۆ کوڵاندنی چێشت بەکار دەهێنن.