لە ڕاپەڕین بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 80 سەر گیسک سووتان

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە حەساری ئاژەڵان لە گوندی بەڕۆژەی بێتواتە 80 سەر گیسک سووتاون و مرداربوون.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی تەمووزی 2025، بە ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24، ڕاگەیاند: ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر چوار، تیمەکانی ئێمە ئاگادارکرانەوە لە هەبوونی ئاگرێک لە حەساری ئاژەڵانی هاووڵاتییەک لە گوندی بەڕۆژەی بێتواتە و بەهۆیەوە 80 سەر گیسک سووتان و مرداربوونە.
عەلی قادر گوتیشی: جگەلە سووتانی 80 سەر گیسک، نزیکەی 40 مریشک و 20 قەڵ سووتاون، هۆکاری ئاگرەکەش بەهۆی هەڵەبەستنی سۆلەری کارەبای(سیستەمی وزەی خۆربووە)، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شۆڕتی کارەبا.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ڕاپەڕین داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لەکاتی هەبوونی ڕووداوی لەمشێوەیە خێرا پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە بکەن.