وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێن

لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بۆ مەبەستی لێپرسینەوە لەبارەی بە قاچاغبردنی نەوتی ئێرانی و فرۆشتنی بە ناوی نەوتی عێراق، بانگهێشتی هەر یەکە لە وەزیری نەوت، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکە دەکات.
یەکشەممە 13ـی تەممووزی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتی: سبەینێ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بانگهێشتی هەر یەکە لە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت، بەڕێوەبەریی گشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی وڵاتەکە، دەکات.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، لیژنەکە بە مەبەستی لێپرسینەوە لەبارەی بە قاچاغبردنی نەوتی ئێرانی، تێکەڵکردنی بە نەوتی عێراقی و فرۆشتنی بە ناوی نەوتی عێراقییەوە، بانگهێشتی ئەو بەرپرسانە دەکات.
پێنجشەممە، 3ـی تهممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمهریکا له ڕاگهیهنراوێكدا ڕایگهیاند، سزای بهسهر بازرگانێكی عێراقی به ناوی سهلیم ئهحمهد سهعید به تۆمهتی بهقاچاخبردنی نهوتی ئێرانی و تێكهڵكردنی به نهوتی عێراقیدا سهپاندووه.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، حکوومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، کە چەند کەسایەتی و لایەنێکی سیاسی عێراقی سەرپەرشتی چوار تۆڕی قاچاخچێتی نەوت دەکەن، کە بە چوار کەشتی بە ناوی نەوتی عێراقەوە، نەوتی ئێرانی بە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشنەوە و داهاتەکەشی دەدەنەوە بە ئێران، ئەمەریکا هۆشداری داوەتە عێراق ئەگەر ئەو کەسایەتییانە دەستگیر نەکرێن، سزا دەخەنە سەر کۆمپانیای سۆمۆ و بڕی 350 ملیۆن دۆلار پارەی نەوتی وڵاتەکە بلۆک دەکەن.
لای خۆیەوە سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەیوەندیمان بە وەزیری نەوتی فیدراڵی کرد تاوەکوو بێتە پەرلەمان و پرسیاری دەربارەی ئەم پرسە لێ بکەین، چونکە ئەو قاچاخچێتییە مەترسیی دەخاتە سەر هەناردەی عێراق. گوتیشی: لە 95%ـی داهاتی عێراق پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت.