پۆلیسی هەرێم: سۆشیال میدیا گرفتی بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان دروست کردووە

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاو کراوەتەوە دەربارەی ئەوەی هێزەکانی پۆلیس بە ئەرکەکانیان پابەند نین بەهۆی گرفتی مووچەوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی تەممووزی 2025، عەقید کارزان ئەمیر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سۆشیال میدیا هەموو هەوڵێکی قۆزتووەتەوە بۆ ئەوەی پشێوی لەناو هاووڵاتییان دروست بکات. 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: دەمانەوێت بۆ هەموو هاووڵاتییانی کوردستان دووپات بکەینەوە هێزەکانی پۆلیس لەهەرێمی کوردستان، وەکو هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ، ئەرکی سەرشانی پاراستنی خاک و نیشتمان و ئەمنیی هاووڵاتییانە، بۆیە ئێمە بۆ چرکە ساتێک لە ئەرکەکانی خۆمان دانەبڕاوین.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان، چەندان بارودۆخی جۆراو جۆری هاتووەتە پێش و تێیپەڕاندووە و کوردستان تووشی گرفت و  شەڕی داعش بووە، بەڵام پۆلیسی کوردستان بۆ چرکەیەکیش لە ئەرکی خۆی دانەبراوە و بۆ هەمیشە لە خزمەت هاووڵاتییانی کوردستان بووە بەشەو بەڕۆژ.

 

 
 
 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment