کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی دەستی پێ کرد

دادگای باڵای فیدراڵی
دادگای باڵای فیدراڵی

دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، کە لەلایەن حکوومەتی فێدڕاڵیەوە بڕدراوە.

دەشڵێت: لایەنە سیاسییەکان بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرانبەرانی هەرێمی کوردستان، چەند کێشەیەکیان خوڵقاندووە، هەروەها بیانووەکانی دادگای فیدراڵی و هۆکارە تەکنیکییەکان، ئەو سێ گرێکوێرەیە کە بڕیارە یەکلایی بکرێتەوە.

گوتیشی: کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی دەستی پێ کردووە، کە سێ تەوەر لە خۆدەگرێت، یەکەمیان پەیوەستە بە سکاڵایەک لەسەر دانانی سەرۆکایەتییەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق، بەڵام تەوەری دووەم و سێیەم کە دادگا گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، کە سکاڵایەکی فەرمانبەران هەیە لەسەر ناردنی مووچە و دەرکردنی بڕیارێکی وەلائی، تەوەرەکەی دیکە ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسیی نەکرێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە،  کۆبوونەوەی هەفتانەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی گوشارێکی زۆر لە لایەن لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە ئەوان داوایان لە پارتی کردبوو دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکوو ئەمڕۆ دادگایی باڵای فیدراڵی ئەم پرسە یەکلایی دەکاتەوە، هەم ئەوانیش لە کۆبوونەوەی خۆیاندا کۆتا قسەیان دەبێت.

ڕاشیگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بۆچوونی خۆیان لە سەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخەنە ڕوو، هەروەها محەممەد شیاع سوودانی چاوەڕوانی بڕیاریی دادگا و لیژنە وزارییەکەیە کە ڕاسپاردەکانی خۆی لەسەر پێشنیازەکانی هەردوو حکوومەت بخاتە روو، هەروەها چاوەڕوانی دوا قسەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیشە. ئەمانە هەمووی دەکاتە یەک پاکێج، بڕیارە سبەینێ سێشەممە، بیباتە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کۆتا بڕیار لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران بدەن. 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment