ئاوارە گەڕاوەکانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی چەرمەسەریی زۆر دەبنەوە

زۆربەی گەڕاوەکانی کەمپی هۆل، ڕووبەڕووی گرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی بوونەتەوە

دیمەنێکی گشتیی کەمپی هۆل
دیمەنێکی گشتیی کەمپی هۆل

فەرەح ئیبراهیم دەروێش، پاش ئەوەی ساڵانێکی زۆر لە کەمپی هۆل دەستبەسەر کرابوو، ڕەزامەندیی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، عێراق، وەرگرت، بەڵام گەڕانەوەکەی وەک ئەوەی چاوەڕێی دەکرد، ئاسان نەبوو.

کاتێک فەرەح ویستی بۆ عێراق بگەڕێتەوە، مەرجی ئەوەی بەسەردا سەپێنرا کە نووسراوێک بۆ دەسەڵاتی خۆجێی بنووسێت و تێیدا دەستبەرداری دوو لە کوڕەکانی ببێت کە بە گومانی ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئێسلامیدا، زیندانیی کراون. لە کاتێکدا فەرەح ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

فەرەح، ئەو پیاوە تەمەن 64 ساڵە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: تەنیا ئارەزووم ئەوە بوو بگەڕێمەوە عێراق. دەستبەرداری دوو کوڕەکەم بووم، ئێستا نە ماڵم هەیە و نە بێستان. کەوتوومەتە سەر ساجی عەلی و دڵم پڕە لە خەم.  

ئەو عێراقییانەی لە کەمپی (هۆل)ەوە دەگەڕێنەوە، بۆ دووبارە خۆگونجان لەگەڵ کۆمەڵەگە ڕەسەنەکەیاندا، ڕووبەڕووی گەلێ ئاڵنگاریی گەورە دەبنەوە. کەمپەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردەکانەوە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، بەڕێوە دەبرێت و ئەو کەس و خێزانانەی تێدا دەستبەسەر کراون کە گومانی ئەندامییەتی داعشیان لێ دەکرێت.

بەڵێننامەی دەستبەرداریی  

ئاژانسی فرانس پرێس، لەگەڵ زیاتر لە 15 کەس لە گەڕاوە و کارمەندانی کەمپەکە لە بواری مرۆیی و پارێزەر، گفتوگۆی کرد؛ زۆربەیان داوایان کرد ناو و ناسنامەیان لەبەر هۆی ئەمنیی، ئاشکرا نەکرێت. ئەوان باسیان لەو گیروگرفتانە کرد کە بوونەتە هۆی سەختیی گەڕانەوەیان بۆ عێراق، وەک کێشەی وەدەستهێنانی ناسنامە و ناچارکردنیان بە پچڕاندنی پەیوەندیی لەگەل کەسوکارە گومانلێکراوەکانیاندا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقی بە فرانس پرێسی ڕاگەیاند "حکوومەت ئاسانکاریی زۆر پێشکەش بە خێزانە گەڕاوەکان دەکات وەک هاوکاریی بۆ  ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بگونجێن و پێدانی بەڵگەنامەی کەسی و دۆزینەوەی کار."

ئەو بەرپرسە ئەمنییە گوتیشی: مەسەلەی 'دەستبەرداریی لە کەسوکار' ساڵانێکە قەدەغە کراوە. دواشی لە گەڕاوەکان کرد، ئەگەر داوای بەڵێنامەی دەستبەردارییان لێ کرا، یەکسەر ئاگەدارمان بکەنەوە، چونکە ئەوە داوایەکی نایاساییە.

پارێزەرێکی گەڕاوەکانیش دەڵێت: بابەتی بەڵێننامەی دەستبەرداربوون، لە لایەن خێزانەکانەوە دژ بە یەکتری بەکار دەهێنرێت. هۆشداریشی دا، ئەوە هەڵەیە ئەگەر وا بزانن بە پێشکەشکردنی بەڵێننامەی دەستبەرداریی لە کەسوکار، بە ئاسانی بەڵگەنامەی کەسی، وەک ناسنامە و بڕوانامەی لەدایکبوونیان بۆ دەکرێت.

فەرەح دەروێش، لە ساڵی 2022 ڕەزامەندیی دەرچوونی لە کەمپی هۆل، وەرگرت ئەوەش پاش ڕەزامەندیی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و پشتیوانیی سەرۆکی عەشیرەتەکەی. پاش ئەوەی گەڕایەوە عێراق، چەند مانگێکی لە "ناوەندی ئامادەکردنی دەروونیی کۆمەڵایەتی" کە پێشتر بە "ناوەندی ئەلجەدعە بۆ گونجاندنی کۆمەڵایەتی" ناسرابوو، بەسەر برد.

دەروێش دەڵێت: لە عێراق زۆر بە جوانیی پێشوازییان لێمان کرد.  بەڵام کە گەیشتمە پارێزگای سەڵاحەددین، دەسەڵاتە خۆجییەکان داوایان لێم کرد دەستبەرداری دوو کوڕەکەم ببم، ئەمجا ڕێگەم دەدەن بگەڕێمەوە!
فەرەح دەروێش لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت: "خێزانەکەم لە 11 کەس پێک هاتووە، منیش پیر بوومە و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتم نییە، ئەگەر جووتیاری نەکەم، چۆن دەتوانم خێزانەکەم بەخێو بکەم؟"
لە ڕاستیدا، ماڵەکەی فەرەح کە پێشتر تێیدا دەژیا، ئێستا وێران بووە، بۆیە ناچار بووە دوو ژوور بۆ پەنادانی خێزانەکەی دروست بکات.

هەڵەیەکی ئەخلاقی

تاناسیس کامبانیس، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی 'سەنچەری ئینتەناشناڵ' کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە، لای وایە "گەڕاوەکانی کەمپی هۆل، داهاتوویەکی تاریکیان لە پێشە، بە تایبەتی هەندێکیان وەک خێزانی ئەندامانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی پۆلین کراون و بەڵگەنامەی کەسییان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و خوێندن و کارکردن، نادرێتێ."

کامبانیس دەڵێت: سزادانی بەکۆمەڵێ خێزانی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی، زوڵم و هەڵەیەکی ئەخلاقییە. ئەم سیاسەتەی حکوومەتی عێراق، زەمینەیەکی بە پیت بۆ پێگەیاندنی لایەنگرانی توندڕەوی تائیفی، ئامادە دەکات.

ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵان، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکەین بە پەیامنێری فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ناوێرم بگەڕێمەوە گوندەی خۆم لە پارێزگای سەڵاحەددین، چونکە کاتی گەڕانەوەمان بۆ عێراق، باوکمیان دەستگیر کرد و دواتر لە زینداندا مرد."

ئەو ئافرەتە، ئێستا لە ماڵێکی داڕووخاودا لە مووسڵ دەژی و دەشترسێت لەوێش دەری بکەن. چونکە هێشتا هیچ ناسنامەیەکی کەسیی نییە. سەرباری ئەوانە، هێشتا سوپاسگوزاری حکوومەتی عێراقە چونکە لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندوویەتییەوە عێراق. ئەم خاتوونە داوا دەکات کێشەی پێدانی ناسنامە بە گەڕاوەکانی کەمپەکە چارە بکرێت. 

بێزاری و دڵەڕاوکێ

لە کاتێکدا زۆرینەی وڵاتان ئامادە نین هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپی هۆل وەربگرنەوە، عێراق بە خێرایی دەستی داوەتە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی تا ئێستا نزیکەی 17 هەزار هاووڵاتی، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، گەڕاندووەتەوە. ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش ئاسانکاریی بۆ خۆگونجاندنیان دەکەن.

 ڕێکخراوی سندووقی جیهانیی خۆڕاگریی و دووبارە گونجاندن (GCERF) کە بارەگاکەی لە جنێڤە، لە ڕێگەی ژمارەیەک ناوەندی ناوخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، هاوکاریی گەیاندووەتە نزیکەی 6 هەزار گەڕاوەی کەمپی هۆل. کیڤن ئۆزبۆرن، یەکێک لە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: ڕێکخراوەکەمان پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ڕاهێنانی کار پێشکەش بە گەڕاوەکان دەکات.
ئۆزبۆن، دەڵێت: بڕیاری ئەم دواییەی واشنتن بۆ کەمکردنەوەی یارمەتیی ڕێکخراوەکان، بووەتە هۆی ئەوەی هاوکارییەکانمان لەگەڵ ژمارەی زۆری گەڕاوەکاندا نەگونجێت.

نووران مەحموود، لە "دامەزراوەی عێراقیی گەشەپێدان" کە لەلایەن سندووقی جیهانیی خۆڕاگری و دووبارە خۆگونجاندنەوە هاوکاری دەکرێت، دەڵێت: "زۆربەی گەڕاوەکان لە کاردانەوەی کۆمەڵگە و پشتگوێخستنیان دەترسن. ئەوان ڕووبەڕووی گرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبنەوە."

دامەزراوەکەی نووران، خزمەتگوزاری ڕاوێژکاریی دەروونیی پێشکەش بە گەڕاوەکان دەکات، چونکە زۆربەیان بە دەست کێشەی دەروونی وەک بێزاری، دڵەڕاوکێ، و کەمخەوییەوە گرفتارن. 
ڕەهف، کە ئافرەتێکی تەمەن 24 ساڵە، پاش ئەوەی لە لایەن ئەو دامەزراوەوە هاوکاریی دەروونی کراوە، ئێستە گەڕاوەتەوە خوێندنی قۆناغی ناوەندی. ڕەهف، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: هەست دەکەم کەسێکی سەرکەوتووم، دەمەوێ لە داهاتودا ببم بە پارێزەر یان مامۆستا.

 

 

 

 
Fly Erbil Advertisment