گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی: گڕگرتنی ئۆتۆمبیل پەیوەندیی بە جۆری بەنزینەوە نییە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئۆتۆمبێلیک لە کەرکووک گڕی گرت و تەقییەوە، خەڵکیش هۆکاره‌كه‌ی لەم کاتەدا بۆ جۆر و خراپی به‌نزین دەگەڕێننەوە، بەڵام گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ده‌ڵێت، ئه‌م هۆكاره‌ ڕاست نییه‌ و بێ بنه‌مایه‌.

دووشه‌ممه‌، 14ـی ته‌ممووزی 2025، بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە کوردستان 24ـی گوت: پلەکانی گەرما زۆر بەرزبووەتەوە بە جۆرێک لە شاری بەسرە پلەی گەرما 51 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، بەجێهێشتنی عەتر و چەرخ لە نێو ئۆتۆمبیلدا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گڕگرتنی ئۆتۆمبیل.

بەهمەن قادر گوتیشی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەنزینێکی باش بەکار دەهێنین و ماوەی هەشت ساڵە هیچ ڕووداوێکی ئاگرگرتنی ئۆتۆمبیل بەهۆی خراپی بەنزینەوە لە هه‌رێمی كوردستان ڕووی نەداوە، تەنیا دەبێت هاونیشتمانیان ئاگادار بن لەوەی ئەو ئامێرانەی زوو گڕ دەگرن لەنێو ئۆتۆمبیلدا بەجێیان نەهێڵن.