لە هەولێر بەگوژمەی یەك ملیار و 688 ملیۆن دینار پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێت

سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، بە گوژمەی یەك ملیار و 688 ملیۆن دینار، پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە ناوچەی پەرەپێدان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوگەڕەکانەی نوێن، لە ناوچەی پەرەپێدان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر چەند خزمەتگوزارییەکیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

 دەشڵێت: لە بەرانبەر دروستكردنی شەقام بۆ ئەو گەرەکانەی نزیك گوندی پیرەش، نزیکە دوو هەزار و 64 زەوی قەرەبووی خاوەنەکانیان کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەش دا، دوای کاری جیاکردنەوە و خۆڵکاری بۆ شەقامەکە، ئێستا کاری کەربوستۆن و فەرش لێدانیان بۆ دەکرێت، کە گوژمەکەشی یەك ملیار و 688 ملیۆن دینارە.

کارزان هادی ڕاشیگەیاند "ئەو پڕۆژەیە پێكدێت لە 53 مەتر كربستۆن و 230 هەزار مەتر دووجا كاری تێكەڵەڕێژی چینی دووەم، لەگەڵ چەند تایبەتمەندییەكی تری خزمەتگوزاری كە بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دادەنرێت، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو شوێنانەی تا ئێستە ئاوەدان نەكراونەتەوە یان وەك پێویست خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە."

 
 
Fly Erbil Advertisment