پزیشکیان: تا ئێستاش پێمان وایە پەنجەرەی دیپلۆماسی دانەخراوە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند: تا ئێستاش پێمان وایە پەنجەرەی دیپلۆماسی دانەخراوە و کراوەتەوە، لەسەر ئەو ڕێگە ئاشتیەش زۆر بەڕژدی بەردەوام دەبین.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ، پێویستە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە ڕابردوو بڕوانین، ئەوەی لەسەرمانە ئەوەیە، جارێکی دیکە ئومێد بونیات بنێینەوە و ئامادەییمان هەبێت بۆ فێربوون و گۆڕانکاری، هاوکات گرتنە بەری ڕێگەی عەقڵانی و هاوسۆزی.
پزیشکیان دەڵێت: تا ئێستاش پێمان وایە، پەنجەرەی دیپلۆماسیی دانەخراوە و بە کراوەیی ماوەتەوە، ئێمەش ئەو ڕێگەیە زۆر بە ڕژدی دەگرینە بەر.
لە پەیامێکی دیکەشدا، سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەزموونکردنی جەنگێکی گەورە کە بەسەرماندا سەپێندرا، لەگەڵ ئەو فشارە دەروونییەی بۆمان دروستکرا، هاوکات ئەو کێشە گەورانەی بۆ گەلەکەمان هێنرایە پێش، بۆمان دەرکەوت کە لەهەموو کاتێک زیاتر، گەلی ئێران لەنێوخۆ و دەرەوەدا لەسەردەمی نوێدا بە یەکگرتوویی خۆیان چوونە نێو مێژوو.