دەم پارتی: سوپاسی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، باس لەوە دەکات، دەیانەوێت تورکیا ببێتە وڵاتێکی خاوەن دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی، هەوکات پەیامی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی گرنگ بوو.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند: سوپاسی تایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەهۆی پشتیوانیان لە پرۆسەی ئاشتی و میوانداریکردنیان و پێداگریان بۆ ئەم پرۆسەیە.

گوتیشی: بەبێ ئەوەی باسی هیچ پارتێکی سیاسی بکەین، پەیامی تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوو، ڕۆژنامەنووسان و هەموو ئەوانەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕێوڕەسمەکەیان گواستەوە، ئەوانیش دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە خێراتر بێت.

ئایشەگول ئاماژەی بەوە دا، ئەوان دەیانەوێت تورکیا ببێتە خاوەنی ئاشتییەکی یەکسان و دادپەروەر و شکۆمەند و هەمیشەیی، وڵاتێکی دیموکراسی بێت، هەروەها دەیانەوێت تورکیا ببێتە وڵاتێکی ئاوەدان و ئامادەن بەرپرسیارێتی ئەم کارە لە ئەستۆ بگرن”.

دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا، ڕۆژی هەینی، 11ـی تەممووز، 30 چەکداری پەکەکە لە گوندی جاسەنەی سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment