وەرزی دروێنە لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکرد

وەرزی دروێنە لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە. ئەمساڵ بە هۆی وشکەساڵی و سەرمای ناوەختی بەهاری و تەرزەوە، بەرهەمی گەنمی ئەم پارێزگایە لە ئاستی چاوەڕوانیدا نەبوو.
بەشێک لە جووتیارانی گوندی داشاغڵی سەر بە بۆکان لە باشووری پارێزگاکە دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بەرهەمەکانیان زۆر کەم بووە، حکوومەتیش بە نرخێکی هەرزان گەنمەکەیان لێ دەکڕێتەوە و ئەمەش جووتیارانی تووشی زیان کردووە.
جووتیارەکان گلەییان لە کاری سایلۆکانیش هەیە و ئاماژەیان بەوە داوە، ڕۆژانە تەنیا 12 کاتژمێر کار دەکەن و لەم ماوەیەش زیاتر لە دوو کاتژمێری بە پاساوی نانخواردنی کارمەندەکانەوە کاری سایلۆکان ڕادەوستێت. جووتیاران ناچارن بۆ ڕادەستکردنی گەنمەکەیان بە سایلۆ، چەندین ڕۆژ لە نۆرەدا بووەستن و زۆر کەسیش بە ناچاری گەنمەکەیان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشن.
محیەدین ناسبەری، جووتیاری ناوچەکەیە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سایلۆ کاتی کارکردنی زۆر کەمە، بەیانیان کاتژمێر حەوتی بەیانی کراوەیە تاوەکوو حەوتی ئێوارە، ئەمە جگە لەوەی بە خراپی مامەلە لەگەڵ ئێمەدا دەکەن، پێویستە سایلۆ 24کاتژمێر کراوە بێت، چونکە تەنیا ئەم دوو مانگە کارمان بە سایلۆ دەبێت.
1250 دەڕاسەی ئەم پارێزگایە و 400 دەڕاسەش کە لە پارێزگاکانی دیکەوە هێنراون سەرقاڵی دروێنەوەی گەنمن لە 408 هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەم پارێزگایە.
سەرەڕای هەموو کێشە و گرفتەکانیش پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 700 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگای ورمێ بەرهەم بێت و لە ڕیزبەندی بەرهەمهێنەرانی گەنمدا پلەی حەوتەمی ئێران بەدەست بێنێت.