سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەولێر و دهۆک دەکات

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەولێر و دهۆک، ڕایگەیاند: دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە ئاشکرایانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات و بناغەکانی ئابووری لاواز دەکات.
سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرکۆنەی هێرشی سەر کێڵگەکانی نەوتی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسنگ لە دهۆک و ناوچەکانی دیکە دەکات.
سەرۆکایەتییەکە ئاماژەی بەوە دا، دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشە ئاشکرایانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات، بناغەکانی ئابووری لاواز دەکات، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتییان.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێویستە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵات بپارێزرێن، تاوەکوو کەشێکی ئارام بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە وڵاتەکە فەراهام بکرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکایەتیی کۆمار، داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم کردووە، ڕێوشوێنی گونجاو و بە پەلە بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە، کە مەترسی لەسەر ئابووری عێراق و ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانیش دروست دەکەن.
سێشەممە 15ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.