خه‌میس خه‌نجه‌ر: هێرشه‌كانی سه‌ر كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم هه‌ڕە‌شه‌ن بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی سیادە ئاماژه به‌وه ده‌كات، هێرشه درۆنییه‌كانی سه‌ر كێڵگه‌ی نه‌وتییه‌كانی دهۆك و هه‌ولێر هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق؛ ده‌شڵێت، گرووپه چه‌كداره میلیشیاكان نایانه‌وێت وڵات سه‌قامگیر بێت.
سێشه‌ممه، 15ـی ته‌ممووزی 2025، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی سیادە له په‌یامێكدا كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ڕایگه‌یاندووه، ئەو هێرشانەی کە کێڵگە نەوتییەکانی له هه‌ردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر کردووه‌تە ئامانج، هەڕەشەیەکی جیددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر توانای عێراقییەکان.
خه‌میس خه‌نجه‌ر گوتووشیه‌تی، بەردەوامی ئەم هێرشانە، هاوکاته لەگەڵ هه‌وڵه نیشتمانییه‌كان له لایه‌ن به‌غدا و هه‌ولێره‌وه بۆ چارەکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئه‌م هێرشانه‌ش ڕەنگدانەوەی ئیرادەی میلیشیاكانه کە نایانەوێت وڵات بەرەو سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی هەنگاو بنێت.
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی سیادە ڕایشیگه‌یاندووه، پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌و هێرشانه تێوه‌گلاون و پشتیوانیش له هێزە ئەمنییەکانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایه‌نانه‌ی له‌و هێرشانه‌دا به‌شدارن.