ئامانجی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان چیە؟

لە کاتێکدا هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، گروپە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان لە هێرشی درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامن؛ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەو هێرشانە بە هەڕەشە دەزانێت و دەڵێت: قبوڵکراو نین؛ هەروەها چاودێرانیش هێرشەکان بە مەرامێکی تێکدەرانەی سەقامگیری و لێدان لە ژێرخانی ئابووریی کوردستان دەزانن. 

 

د. سامان سۆرانی: هێرشە درۆنییەکان، ڕەهەندی سیاسی و مەرامی تێکدانی سەقامگیری کوردستانیان لە پشتە

دکتۆر سامان سۆرانی، ڕاوێژکاری کاروباری سیاسی و دیپلۆماسی، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەرامێکی تێدەرانەی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دەزانێت و بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی "ئامانجی ئەو هێرشە درۆنییانەی دەکرێنە سەر کێڵگە نەوتییەکان، بەدەر لەوەی ڕەهەندی سیاسییان هەیە، مەبەست لێیان تێکدانی ئاسایش، سەقامگیریی و سەروەریی هەرێمی کوردستانە؛ تا کۆمپانیا بیانییەکان نەتوانن بۆ کارکردن و وەبەرهێنان، بێنە هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە، لە ماوەی ڕابردوودا بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دوو گرێبەستی گرانبەها لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی لە واشنتن واژوو کران، ئەمەش ئەو وڵاتانەیان نیگەران کردووە کە هەژموونیان بەسەر عێراقەوە هەیە و خاوەن میلیشیان و لە کاردانەوەی ڕێککەوتنەکاندا، هێرش دەکەنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان."

گوتیشی: "ئەگەر کەرتی غاز لە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، لەمەدوا عێراق ناچار نابێت غاز لە وڵاتانی ناوچەکە هاوردە بکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستییەکانی دیکە؛ ئەمەش بە بڕی ملیاران دۆلار زیانی ئابووری بەو وڵاتانە دەگەیەنێت کە غاز هەناردەی عێراق دەکەن. بۆیە دەکرێت ئەمە هۆکارێکی دیکە بێت، کە میلیشیاکان هان بدات هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی."

لەبارەی ئەوەی بۆچی لەم کاتەدا هێرش دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان؟، سۆرانی پێی وایە، هێرشە درۆنییەکان پەیوەندییان بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەولێر و بەغداوە هەیە و دەسەڵاتدارانی عێراق دەیانەوێت لە ڕووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و دواتر کۆنترۆڵی بکەن.

شەهریار شێخلەر: هێرشە درۆنییەکان، درێژە پێدەری هێرشەکانی پێشوون و بۆ زیاترکردنی فشارەکانە

 

لەبارەی ئامانجی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، شەهریار شێخلەر، شارەزای ئابووری و وزە تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان، بە مەبەستە و درێژە پێدەری هێرشەکانی پێشوون، مەرامیان لاوازکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، کە خاڵی گرنگی جیاوازی نێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق بووە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆیی.

گوتیشی: هەڕەشەکردن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەک بزوێنەری ئابووری هەرێمی کوردستان لە 15 ساڵی ڕابردوودا، بۆ لاوازکردنی کارتەکانی بەردەست حکوومەتی هەرێمە، لە دانووستانەکانی داهاتوو لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵ و لایەنە عێراقییەکان، بۆ وەرگرتنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

شەهریار شێخلەر دەڵێت: پیشاندانی توانای سەربازی و مەترسی گروپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان بە حکوومەتی عێراق و وڵاتان، لە کاتێکدایە کە باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە دەکرێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، وەک پێشتریش بینیومانە هەرکات دانوستانەکان لە نێوان لایەنە عێراقییەکان یان لە نێوان حکوومەتی فێدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستێکی هەستیار و چارەنووسساز، ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەست پێدەکەنەوە.

دەشڵێت: ئێستا دانوستانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فێدراڵ بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی نەوت و مووچە لە ئارادایە، ئەو هێرشانەش دەبنە هۆی هەڕەشە لە حکوومەتی عێڕاق بەرانبەر دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە، هەروەها دەبێتە هەڕەشە لەبەردەم ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، جیا لەمانە هێرشەکان کاریگەریی لەسەر حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق دەبێت، بەتایبەتی ئێستا کە چەند پرسێکی گرنگ لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕی لەسەرە.

مەریوان قەرەنی: چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی فیدراڵین

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی هێرشە درۆنییەکان لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: ئێمە وەک لیژنەی بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەتی فیدراڵ دەکەین سەبارەت بەو هێرشانەی بە بەردەوامی دەکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەم هێرشانە بۆ ئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو  بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری کوردستانە و دەکرێت مەبەستەکان لەسەر سێ لایەن بن، یەکەمیان؛ دەیانەوێت زیان بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بگەیەنن، چونکە لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆیی هەیە، کوردستان لە ڕێگەی خزمەتگوزاری و نەوتەوە پێشکەوتووە.

هەروەها لە بنەڕەتدا ئەوان کێشەیان لەگەڵ کێڵگە نەوتییەکان نییە، بەڵکو ترسیان لەسەر سەربەخۆی ئابووری کوردستانە هەیە، بۆیە هێرش دەکەنە سەر ئەو کێڵگانە تاکوو لە ڕێگەی ئە کێڵگانەوە هەرێمی کوردستان زیانی بەرکەوێت و دوا بکەوێت، هەر وەک مووچە کە بە هاوبەشی کاریان لەسەر کرد، ئەم هێرشانەش یەکێکە لەو بابەتانە کە پەیوەستن بەیەکەوە. 

لایەنی دووەمیش؛ ئێمە دڵنیان لەوەی، ئەوان لە هەوڵی دروستکردنی کێشەن بۆ ئەو کۆمپانیا بیانیانەی نەوت کە کار دەکەن لە هەرێمی کوردستان، هەر خۆی لە بنەڕەتدا بوونی ئەو کۆمپانیا بیانیانەش لە هەرێمی کوردستان گوزارشت لە ئاسایش و سەقامگیری کوردستان دەکات، بۆیە هەوڵی تێکدانی ئەو سەقامگیرییە دەدەن، تاکوو ئەو کۆمپانیانە نەتوانن چی دیکە وەبەرهێنان و کار بکەن و کوردستانیش سوودمەند نەبێت.

مەریوان قەرەنی لە بارەی خاڵی سێیەم گوتی؛ گومانمان هەیە، ئەو هێرشانە دووخاڵی دیکەی لە پشتەوە بێت، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەر لە کەرتی نەوت لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆدان؛ دوور نییە ئەو گروپە چەکدارانەی لە دەرەوەی یاسان، ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا هەیە تێکی بدەن و فشاریش بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان ڕازی بێت بەو مەرجانەی کە بەغدا دیاری کردوون، لە کاتێکدا مەرجەکانی بەغدا نە یاسایین نە دەستووری، لەلایەکی دیکەوە مەرامیانە هەرێمی کوردستان هەر چۆنێک بێت لە ڕووی ئابوورییەوە دوا بکەوێت، هەروەها کێشەکەش تەنیا لەسەر سەقامگیریی نییە، بەڵکو لەسەر ژێرخانی ئابووریشە.

حەوت هێرشی درۆنی لە 72 کاتژمێردا

لە ماوەیە کەمتر لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن گروپە میلیشیا لە یاسادەرچووەکانی عێراقەوە حەوت هێرشی درۆنی کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، کە شەش لە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، گروپە ملیشیا لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بە درۆنی بۆمبڕێژکراو سێ کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دهۆک کردە ئامانج، کە جگە لە زیانی ماددی ، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە بارەی هێرشەکانیشەوە، دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی 6:00 و 6:15، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

هەروەها کاتژمێر 7:00 بە ڕێگەی درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو، هێرشکرایە سەر کێڵگەیەکی دیکەی نەوتی DNO لە ناوچەی تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

لە هێرشی سێیەمدا، گروپە میلیشیاکان لە کاتژمێر 7:14، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو، کێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریکیان لە باعەدرێ لە سنووری شارۆچکەی شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک کردە ئامانج.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە کاتژمێرەکانی 20:20 و 20:25، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر خرانە خوارەوە.

هەروەها کاتژمێر 7:00 ـی بەیانی دوێنێ سێشەممە، لە گوندى ملبرکێ، لە سنوورى ناحیەى چەمانکێ سەر بە شارۆچکەی ئامێدى؛ بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی 'سەرسنک'.

ڕۆژی دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە و بەرەبەیانیی هەمان ڕۆژیش درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە، کە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.

سامانە سروشتییەکان بۆ حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: ڕێگری لە هێرشە درۆنییەکان بکەن

لە بارەی هێرشەکانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و بە توندی "ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات" و ئاماژە بەوە دەدات، مەبەست لە هێرشەکان "لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە."

هەروەها پەیامێکی ئاراستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و  ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: لە ئاست ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێم، لەلایەن بەغداوە جۆرێک لەخۆ دزینەوە هەیە

پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق گرت و لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیدا، ئەو چاوەڕوانییەی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ، لە کاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق هەیە، لەبری گرتەنبەری ڕێوشوێنی پێویست و ڕێگەگرتن لە دووبارەکردنەوەی هەڕەشەکان و سزادانی تاوانباران، بەڵام بە داخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان دەکرێت.

 

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا: ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن

هەر لە بارەی دووبارە بوونەوەی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتییان لە هەولێر دوێنێ چوارشەممە وێڕای سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێلگە نەوتییەکانی هەرێم، جەخت دەکاتەوە: پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان بکات.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە: پێویستە حکوومەتی عێراق پیادەی دەسەڵاتی خۆی بکات بۆ ڕێگریکردن لە لایەنە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە بۆسەر ئەو شوێنانە لە ناو خۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە کە کۆمپانیا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا کردووە.

هەروا خەخت دەکاتەوە، ئەو ھێرشانە قبوڵکراونین و ھەڕەشەن بۆسەر سەروەری عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەکانی عێراق بۆ سەرنج ڕاکێشانی وەبەرھێنانی دەرەکی.

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment