گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئاماری فەرمیی کوژراو و بریندارانی جەنگی 12 ڕۆژەی ڕاگەیاند

فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماری فەرمیی کوژراو و بریندارانی مەدەنیی جەنگی 12 ڕۆژەی ڕاگەیاند.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، فاتمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماری فەرمیی کوژراو و بریندارانی مەدەنیی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی ڕاگەیاند و گوتی: لەماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا 1062 هاووڵاتیی ئێرانی کوژراون، کە 140 کەسیان ئافرەت و منداڵن و نزیکەی 5800 هاووڵاتیش بریندار بوون.
موهاجیرانی، هەروا ڕایگەیاند "تا ئێستا نزیکەی 140 بریندار لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا چارە دەکرێن. زۆرینەی کوژراو و بریندارەکانیش دانیشتووی تارانن."
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: زۆریی ژمارەی کوژراو و بریندارانی هاووڵاتیان، نیشانەی ئەوەیە ئیسرائیل لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا دەستی لە هاووڵاتیانی ئێمە نەپاراستووە.