پەروین بوڵدان: بۆچوونەکانی باخچەلی دەربارەی پرۆسەی ئاشتی ئەرێنین

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی ڕاگەیاند: دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان گفتووگۆ بکەین دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و هەروەها پێویستە هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت.
چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: جارێکی دیکە دەربارەی پرۆسەی ئاشتی بۆچوونی ئەرێنیمان لە باخچەلی بیست، لەگەڵ هەموولایەنە ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەکانی هاوپەیمانی جمهوور دیدار و کۆبوونەوەکانمان بەردەوامی دەبێت، بەتایبەتی لەکاتی لە قۆناغی پێکهێنانی کۆمسیۆن پێویستیمان بە یەکترە.
پەروین بوڵدان گوتیشی: هەروەها پێویستیمان بە گفتووگۆی زیاتر و هەڵوێستێکی هاوبەش هەیە.
ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە دا، ئێمە لە هەر قۆناغێکدا سەرۆکی گشتیی پارتە سیاسییەکان ئاگاداردەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە بگۆڕدرێت بۆ قۆناغی ئاشتی، پێویستە چیمان لەدەست بێت بیکەین.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی پێک دەهێنرێت، دەستووری وڵات هەموار ناکاتەوە، تەنیا بۆ فەراهەمکردنی چوارچێوەی یاساییە بۆ پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە.