دانیشتووانی قامشلۆ ڕووبه‌ڕووی قەیرانی بێئاوی و كه‌میی کارەبا بوونه‌ته‌وه‌

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نەبوونی ئاو و پچڕانی کارەبا قەیرانێکی سەختی لە شاری قامشلۆ دروست کردووە و ژیانی دانیشتووانی سەخت کردووە، بە شێوەیەک لە هەر سێ ڕۆژ جارێک تانکەرێکی ئاو دەکڕن.

هاوکات هەر تانکەرێکی ئاو بە 50 هەزار لیرەی سوورییە، بە گوتەی دانیشتووانی شاری قامشلۆ، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی ژمارەیەکی زۆری خێزانه‌كان لە شارەکە چەندین هەفتەیه‌ بێ ئاوی خواردنه‌وه‌ن.

محەممەد حەمزە، دانیشتوویه‌کی شاری قامشلۆ، بە  کوردستان24ی گوتووه‌: هۆکاری نەبوونی ئاو نازانم، داوا دەکەم بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاو و کارەبایان بۆ دابین بکات. باسی لەوەش کرد، مانگانە ملیۆنێک و 500 هەزار لیرەی سووری بۆ ئاو پێویستە، کە دەکاتە سێ مووچەی فەرمانبەرێکی حکوومەتی سووریا.

دانیشتووانی قامشلۆ گلەیی و گازندە دەکەن، کێشەکانی دابینکردنی ئاو بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاو و کارەبا پێویستی هەرە سەرەکی ژیانن، نەبوونیان ژیانی هاووڵاتییان قورس دەکات، داواش لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن بەرپرسیاریەتیی له‌ ئه‌ستۆ بگرن و پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ دانیشتووان دابین بکات.

باڤێ کاوا، خاوەن فرۆشگا لە شاری قامشلۆ، لەم بارەوە به‌ كوردستان24ـی گوت: ئاو بە شێوەیەکی گشتی لە شارەکە نەماوە، ئیش و کار نییە، کارەبا نییە و دۆخی خەڵک بە شێوەیەکی گشتی زۆر خراپە.

قەیرانی ئاو لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاووڵاتییانی نیگەران کردووە، بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هۆکارەکەی بۆ کەمبوونه‌وه‌ی ئاو لە بیرەكان، بەنداو و دەریاچەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە، بەتایبەت بەنداوی تشرین، کە کاریگەریی لەسەر کەمبوونه‌وه‌ی کارەبا کردووە.

پێشتر، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی ئاو، پلانییان هەیە 20 بیری ئاو لە ناوچەی هیلالییە لە شاری قامیشلۆ لێ بده‌ن، باسیشی لەوە کردبوو، پێدانی کارەبا لە هەشت کاتژمێر بۆ 16 کاتژمێر زیاد کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment