ترەمپ: کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا دەکەین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا دەکەین. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: هیوادارم لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەندێک پێشکەوتن لە نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و سووریا ببینرێت بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

چوارشەممە 16ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد، لە سەرەتادا باسی لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران کرد و گوتی: ئێرانییەکان چالاکانە لە هەوڵدان بۆ دانوستان لەگەڵ ئێمە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە و ئێمەش هیچ پەلەمان نییە لە ڕێککەوتن لەگەڵیاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لە دۆخی سووریا کرد و ڕایگەیاند: کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سووریا دەکەین. سەبارەت ئیسرائیلیش ترەمپ دەڵێت: لەگەڵیان کۆدەبمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بە ڕەگەز فەڵەستیی لە کەرتی ڕۆژئاوا.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: هیوادارم لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەندێک پێشکەوتن لە نێوان حکوومەتی ئیسرائیل و سووریا ببینرێت، بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخی سووریا و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

دەشڵێت: ئێستا دۆخی سووریا ئاڵۆزە، ئێمە لەسەر هێڵین و کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەو وڵاتە دەکەین.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ لە نێوان هێزی درووزەکان و بەدەوییەکان، لە پارێزگای سوەیدای سووریا سەری هەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی سووریا ڕایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی هێرش و بۆمبارانه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مڕۆی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنێكی دیمه‌شق، كه‌سێك كوژراوه‌ و 18ـی دیكه‌ش بریندار بوونه‌.

پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئایینیی دروزەکانە، کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 300 کەس لە درووزەکان، بەدەوییەکان و هێزەکانی حکوومەتی سووریا کوژراون.

 
Fly Erbil Advertisment