میدیای ئیسرائیل: ئەلشەرع ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و هێزەکانی لە سوەیدا دەکشێنێتەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع، ئاگربەست ڕادەگەیەنێت و هێزەکانی لە پارێزگای سوەیدای باشووری وڵات دەکشێنێتەوە.

چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کەناڵی ١٤ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، نزیکن لەوەی کۆتایی بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە سووریا بهێنن. لەم چوارچێوەیەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە حکوومەتی سووریا کردووە هێزەکانی لە پارێزگای سوەیدا بکشێنێتەوە تاوەکوو ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئارامیی لەو پارێزگایە خۆش بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئێوارەی ئەمڕۆ، چوارشەممە، ڕایگەیاند "واشنتن بە هیواوە دەڕوانێتە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی "لێکنەگەیشتنێک لە نێوان سووریا و ئیسرائیلیدا هەبووە و جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ هەردوو لادا قسەی کردووە."

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند "شەڕی نێوان درووز و بەدەوییە سوورییەکان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵات بووەتە هۆی لێکنەگەیشتن لە نێوان ئیسرائیل و سووریا، ئەوەش وایکرد سوپای ئیسرائیل بە چڕی بۆمبارانی دیمەشق بکات."

ڕوبیۆ، لە ئۆڤاڵ ئۆفیس، لە کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ئێمە لەسەر ڕێگای کەمکردنەوەی گرژییەکانین و هیوادارین دوای ئەوە بگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینە بۆ یارمەتیدانی سووریا لە بنیاتنانی دەوڵەت و گەیشتن بە دۆخێکی سەقامگیرتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

ناوبراو ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هیوادارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پێشکەوتن لەم هەوڵەدا ببینێت.

ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کراوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە پارێزگای سوەیدا و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی دەوڵەتی سووریا بە مافی هەموو هاووڵاتییانییەوە.

 
Fly Erbil Advertisment