سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كوردستان24: سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق تایبه‌ت به‌ پرسی مووچه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ كوردستان24ـی گوت، سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌ باره‌ی پرسی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه‌.

چوارشه‌ممه‌، 16ـی ته‌ممووزی 2025، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به دیلان بارزان، په‌یامنێری‌ كوردستان24ـی گوت، سبه‌ی كاتژمێر 1:00ـی دوای نیوه‌ڕۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ تاوتوێكردن و چاره‌كردنی پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان كۆ ده‌بێته‌وه‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ  تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا.

ئەنجوومەنی  وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکوومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

 
Fly Erbil Advertisment