ڕوانگەی سووری: ژمارەی کوژراوان لە سوەیدا گەیشتە زیاتر لە 350 کەس

بەگوێرەی ئامارێکی نوێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردووەتەوە، لە سوەیدا بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان، لە سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە، 360 کەس کوژراون و بە سەدانیش بریندارن.
ڕوانگە کوژرانی 79 چەکداری درووز و 55 هاووڵاتی مەدەنی، بە بەراورد بە 189 سەربازی هێزەکانی سووریا کە کوژراون ڕاگەیاند، ئەمە جگە لە 18 کەسی پێکهاتەی بەدەوی، هەروەها 15 سەربازی هێزەکانی سووریا لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیش کوژراون.
لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشکەوتن و چارە کردنی شەڕ لە باشووری سوریا بەدیهاتووە.
ڕوبیۆ لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی؛ پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پێکدادانەکانی سووریادا کردووە.
گوتیشی: "ئێمە لەسەر هەنگاوی تایبەت ڕێککەوتین تاکوو کۆتایی بەم دۆخە نائارام و ترسناکە بێت".
ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە "پێویستە هەموو لایەنەکان بە خۆمانەوە پابەندبن بەو بەڵێنانەی داویانە و ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئێمە چاوەڕوانییان لێدەکەین".
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند، "کشانەوەی هێزەکانی سوپای سووریا لە شاری سوەیدا دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتن کە کراوە و دوای پاککردنەوەی ئەو شارە لە گروپە نایاساییەکان".
ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە هێرشی ئاسمانی قورسی کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەشێکی بینای وەزارەتی بەرگریی وێرانکرد و شوێنەکانی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی بۆمباران کرد.
ئیسرائیل بەڵێنی دا هێزەکانی حکوومەتی سووریا لەناوببات کە هێرش دەکەنە سەر پێکهاتەکانی درووز لە باشووری سووریا و داوای کشانەوەی خێرای کرد.