ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ 17ـی تەممووزی 2025، کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی بە شێوەیەکی نائاسایی لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و تێیدا بڕیاری پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان بدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کوردستان24، بۆ تاوتوێكردن و چاره‌كردنی پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌.

ئەنجوومەنی  وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دوێنێ گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کرد کە لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.

لەبارەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دوێنێ پیشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 

لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتی و نەوتە و وەک دەستپێک، حکوومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، پێشەوا هەورامانی باسی لەوەش کرد: دوای ئەم لێکتێگەیشتنە، هەردوو حکوومەت دەچنە نێو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە، ئەوەی کراوە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە.