ئەمەریکا سزای گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەدات

لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بەرگریی نیشتمانییان بۆ قەدەغەکردنی پاڵپشتیی دارایی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ڕاگەیاند.
تۆڕی هەواڵی عێراق، بڵاوی کردەوە، دوێنێ، چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بەرگریی نیشتمانی، بۆ قەدەغەکردنی پاڵپشتیی دارایی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیاند، کە لەلایەن 'جۆو ویلسن' نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، پێشکەش کرابوو.
جۆو ویڵسن، ڕایگەیاند "ئامانجی ئەم هەموارکردنە، قەدەغەکردنی پاڵپشتیی دارایی ڕێکخراوەکانی سەر بە ئێرانە لە عێراقدا بە پارەی باجدەرانی ئەمەریکی و ئەمە بەشێکە لە ستراتیجییەکی فراوانتری ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق." ئەو هەروا گوتی: مەبەست لەو ڕێکخراوانە، بەپێی ئەوەی لە دەقی یاساکەدا هاتووە، چەندان گرووپی چەکدارن کە لەژێر چەتری دەستەی حەشدی شەعبیدان و بە نزیکییان لە ئێران ناسراون.
جۆ ویڵسن، دوای دەرچوونی هەمواری یاساکە، دەقی ڕاگەیاندراوی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی لە هەژماری خۆی، لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' بڵاوکردەوە و لەگەڵیدا نووسیبووی "عێراق لە ئێران ڕزگار بکەن."
ویڵسن بە هەڵوێستە دژەکانی بەرانبەر بە ئێران ناسراوە و پێشتریش داوای گەڕاندنەوەی شکۆمەندیی بۆ عێراق و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێرانی لە عێراق کردبوو.