حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

یاسر عیساوی و عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
یاسر عیساوی و عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی حەشدی شەعبی، دوور نییە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر سەرکردە و کەسایەتییە سەرەکییەکانی پارت و لایەنەکانی ماڵی شیعە لە عێراق . لەسەر ئەم بنەمایە، فەرماندەکانی حەشدی شەعبی داوایان لە حکومەتی بەغدا کردووە کە چەک و پێداویستی و مۆڵەتی پێویست بۆ بەرگری لە شیعە دابین بکات.

دوێنێ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا هاتووە "دوای هۆشدارییە جددییەکانی 'سەدرەدین قوبانچی' وتارخوێنی نەجەف، سەبارەت بە پیلانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر سەرکردە شیعەکانی ناو 'چوارچێوەی هەماهەنگی'، هۆشدارییەکان دەربارەی ئەگەرەکانی ڕوودانی ئەم هێرشە زیادیان کردووە."

لەم نێوەندەدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ئەرکیان بەرگرییە لە شیعەکانی عێراق، داوا لە حکومەتی بەغدا دەکەن تاوەکوو بێ گوێدانە فشارەکانی ئەمریکا، زەمینەی پڕچەککردنی حەشدی شەعبی بۆ بەرگریی لە عێراق، خۆش بکات.

یاسر عیساوی، جێگری سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی بە پەیامنێری تەسنیمی گوت: ئێمە بەهۆی بڕیارە سیاسییەکانەوە پەراوێز خراوین، ئەگینا حەشدی شەعبی دەتوانێت ڕۆڵی گەورە ببینێت. سوپا و حەشدی شەعبی لە ڕووی توانا و ئامادەییەوە، ئەگەر چەک و پێداویستییان بۆ دابین بکرێت، دەتوانن بەرگری لە ئاسمانی عێراق بکەن."

عیساوی هەروا گوتی: ئاسمانی عێراق لە ماوەی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە شێوەیەکی ئاشکرا پێشێل کرا. ئێمە ئێستا سەرنجمان خستۆتە سەر پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانمان بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق، بەڵام ئەم بڕیارە لە پلەی یەکەمدا پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسی هەیە.

جێگری سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کرد "پەرەسەندنەکانی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاسمانی عێراق، ئەم نیگەرانییەی لەنێو فەرماندەکانی حەشدی شەعبیدا دروست کردووە کە ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی بەسەر ئاسمانی عێراقدا گرتووە، بەبێ ترس هێرش بکاتە سەر عێراق؛ بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و واشنتندا بکرێت."

مەهدی کەعبی، پسپۆڕی کاروباری سیاسی، ڕایگەیاند "سەروەریی عێراق هێڵی سوورە و هەوڵەکان لەلایەن بەرەی موقاوەمە و حکوومەتی عێراقەوە، هاوتەریب لەگەڵ داواکارییە جەماوەرییەکان، بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە دەستی پێ کردووە و لە ئەنجامی ئەمەشدا، هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانی عێراقیش بۆ دەرکردنی یاسای نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بەهێزتر دەکات."

حامد دەراجی، پسپۆڕێکی دیکەی بواری سیاسی لە بەغدا، بە پەیامنێری ئاژانسی تەسنیمی گوت "بەرگریی ئاسمانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان دەبێت ئامادەتر بێت و مۆڵەتی نوێ وەربگرێت و ڕێککەوتنی نوێی هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سەروەریی ئاسمانی عێراق."

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment