مەسرور بارزانی: زۆر خەمبار بووم بە بیستنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە شارى کوت

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی دەربارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، "زۆر خەمبار بووم بە بیستنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە شارى کوت. پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم ."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەک هەمیشە دەرگای هەرێمی کوردستان بۆ هەموو لێقەوماوان کراوەیە و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و هەموو دامودەزگاکانمان ئامادەن بۆ چارەسەری برینداران و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست."
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵێکی پێنج نهۆمی، لە شاری کوت سەر بە پارێزگای واست بڵاو کردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی ڕووداوەکەوە، 61 کەس گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵێکی زۆرەوە خنکاون و تەرمی 14 کەسیش بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتان، ناناسرێنەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، 45 کەس لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە ڕزگار کراون کە لە باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو، باڵەخانە بازرگانییە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژە کراوەتەوە.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە، هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت، ڕێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر. ڕاشیگەیاندووە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.