گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ئاسایی دەبنەوە

ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران ڕایگەیاند کە دۆخی فڕۆکەخانەکانی وڵات ئاسایی بووەتەوە و فڕۆکەخانەی میهرئابادیش لە کاتژمێر ٤ـی بەیانییەوە تا ٧ـی ئێوارە پێشوازیی لە گەشتیاران دەکات.
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئاماژە بە ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران، بڵاوی کردووەتەوە "بە پشتبەستن بە بڕیاری لیژنەی هەماهەنگیی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی و دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆخی ئەمنیی ئێستای وڵات، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئێران، وەکوو جاران چالاکن و ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گەشتی ئاسمانی بە هاووڵاتیان."
لەسەر بنەمای بڕیارەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میهرئاباد لە کاتژمێر ٤ـی بەیانییەوە تا ٧ـی ئێوارە پێشوازیی لە گەشتیاران دەکات. بەڵام گەشتە فێرکارییەکان، تا کاتێکی نادیار ڕاگیراون.
ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران، بەهۆی زیادبوونی داواکاری بۆ گەشتکردن، جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەندێک ماڵپەڕ و کەناڵی ساختە و بێمۆڵەتی یاسایی، بە خراپ سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستا، بلیتی ساختە بە نرخێکی گران دەفرۆشن؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکات کە تەنیا لە نووسینگەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، نووسینگەکانی خزمەتگوزاریی گەشتی ئاسمانی و سیستەمە ئۆنلاینە خاوەن مۆڵەتە فەرمییەکانەوە، بلیت بکڕن."
ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران، هاووڵاتیان لە پاراستنی مافی گەشتیاران و پاراستنی ڕێکخستنی بازاڕی فرۆشتنی بلیت دڵنیا دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "بەرانبەر هەر سەرپێچییەک، وەک فرۆشتنی نایاسای، گرانفرۆشی و فێڵکردن لە گەشتیاران لە لایەن هەر یەکێک لە بریکارەکانی فرۆشتنەوە، ڕێوشوێنی یاسایی توند دەگیرێتەبەر."
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "هاووڵاتیان بۆ دڵنیایی لە ڕەسەنایەتیی فرۆشیاران، دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران بکەن بە ناونیشانی www.caa.gov.ir و لیستی سەرجەم ناوەند و سیستەمە مۆڵەتپێدراوەکان ببینن و لە ڕێگەی ئەوانەوە بلیتەکانیان بکڕن."