ئەردۆغان بۆ شەرع: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا قبووڵکراو نین

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە میدیای فەرمییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەحمەد شەرعی ڕاگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا قبووڵکراو نین و مەترسی لەسەر هەموو ناوچەکە دروست دەکات.

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوویا قبوڵکراو نییە، بەهۆیەوە مەترسی لەناوچەکەدا دروستکردووە.

ئەردۆغان گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی مەترسی بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان سووپای سووریا و چەکدارە درووزەکان دەکەین.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بێت، ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی ئەحمەد شەرع ڕاگەیاندووە، لە بەرانبەردا سەرۆکی سووریا، سوپاسی ئەردۆغانی کرد بەهۆی پشتیوانییەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، دوابەدوای ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند "دەوڵەتی سووریا بە ئیرادەیەکی تەواوەوە دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە سوەیدا ڕووی دا".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە گەلی درووزمان دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ماف و ئازادییەکانتان لە پێشینەی کارە، هەروەها هەر هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی ئێوە بۆ دەستی لایەنێکی دەرەکی ڕەتدەکەینەوە"

 
 
 
Fly Erbil Advertisment