بەریتانیا.. تەمەنی بەشداریکردن لە دەنگدان لە 18 ساڵەوە بۆ 16 ساڵ کەم کرایەوە

حکوومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی بەرەوپێشبردنی بەشداریی دیموکراسی، بەر لە هەڵبژاردنی نیشتمانیی داهاتوو، تەمەنی بەشداریکردن لە دەنگدان لە 18 ساڵە بۆ 16 ساڵ کەم کرایەوە.
پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتید پرێس بڵاوی کردەوە، پارتی کرێکارانی بەریتانیا، پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تەمووزی 2024، بەڵێنی دابوو کە تەمەنی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان، کەم بکاتەوە، بەم هۆیەوەش سکۆتلەندا و وێڵز لە ئێستاوە ڕێگە بە منداڵانی تەمەن 16 ساڵی و 17 ساڵی دەدەن لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بەشداریی بکەن.
ئاژانسەکە لە زاری حکوومەتی بەریتانیاوە ڕایگەیاندووە، لە چوارچێوەی ڕێوشوێنەکانی بەرەوپێشبردنی بەشداریی دیموکراسی، بەر لە هەڵبژاردنی نیشتمانیی داهاتوو، تەمەنی بەشداریکردن لە دەنگدان لە 18 ساڵە بۆ 16 ساڵ کەم کرایەوە.
حکوومەتی بەریتانیا، باسی لەوە کردەوە، دەنگدەران دەتوانن کارتی بانکی وەک فۆڕمێکی ناسنامە لە بنکەکانی دەنگدان بەکار بهێنن.

لای خۆیەوە ڕوشانارا عەلی، وەزیری بێنەوایان و دیموکراسی، گوتی: ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕێگاکانی پارێزبەندی لە بەرامبەر دەستوەردانی دەرەکی لە سیاسەتی بەریتانیا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2022 حکوومەتی پێشووی بەریتانیا، مەرجێکی سەپاندبوو بۆ ئەوەی دەنگدەران بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان ناسنامەی وێنەیی پیشان بدەن، ئەم ڕێکارەش بە گوتەی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاری بوو. بەڵام ئەم بڕیارە کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە، کە بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەر بە تایبەتی گەنجان، هەژاران و پێکهاتەکان لە مافی دەنگدان بێبەش بوون.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش، مەزەندەی کردبوو، کە نزیکەی 750 هەزار کەس لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا دەنگیان نەداوە، چونکە ناسنامەیان نەبووە.
ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ـدا 59.7% بوو، ئەمەش کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنە لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا.