کۆشکی سپی: دۆناڵد ترەمپ تەندروستی زۆر باشە

کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی هەستی بە ئاوسانی قاچی کرد، پشکنینی بۆ کراوە و "هەموو ئەنجامەکانی پشکنینەکە ئاسایی بوون"، کارۆلاین ئەو ڕوونیکردەوە کە ئەنجامی پشکنینەکە "سستی خوێنبەرەکانی دەرخستووە"، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا "تەندروستییەکی نایابی هەیە".

لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ترەمپی تەمەن 79 ساڵ، "لە  بەشی خوارەوەی قاچەکانی ئاوسان دروست بووە، ئەمەش وایکردووە تیمی پزیشکی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی تەندروستی بکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشکنینێکی گشتگیری بۆ کراوە، لەنێویاندا پشکنینی خوێنبەرەکان و پشکنینی دوولایەنەی خوێنبەرەکانی کۆتاییەکانی خوارەوەی جەستەی، تێیدا دەرکەوتووە سستی خوێنبەرەکانی هەیە، ئەمەش حاڵەتێکی باوە، بەتایبەتی لە کەسانی سەرووی تەمەنی 70 ساڵدا، بۆ ئەمەش چارەسەریی وەرگرتووە.

لیڤت پشتڕاستی کردەوە کە، هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ " نەخۆشی خوێنبەرەکان" و "هەموو ئەنجامی پشکنینەکان ئاسایی بوون". ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کێشە بچووکەی کە لەسەر دەستی سەرۆک دەردەکەوێت لە وێنەکاندا و لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە، بەهۆی "خورانی شانەکانەوە بووە لەگەڵ بەکارهێنانی ئەسپرین"، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "سەرۆک لە تەندروستییەکی نایابدایە.