باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ: پەیماننامەی ستراتیژی نێوان ئێران و ڕووسیا چووە بواری جێبەجێکردن
کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا بۆ ئاژانسی(سپۆتنیک) ڕایگەیاند: پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیر، لەنێوان ڕووسیا و ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردن.
جەلالی ئاماژە بەوە دەکات، جێبەجێکردنی پەیماننامەکە دەستی پێ کردووە و دەڵێت: ئێران بە ڕووسیای ڕاگەیاندووە کە تەواوی ڕێکارەکانیان لە ئێران بۆ جێبەجێکردنی پەیماننامەکە تەواو کردووە، دەشڵێت: پەیماننامەکە لەلایەن پەرلەمانی ڕووسیا و ڤلادیمێر پوتین ئیمزای لەسەر کردووە، هاوکات پەرلەمانی ئێرانیش پەسەندی کردووە، سەرباری ئەوەی ئەنجوومەنی چاکسازیی دەستوور ڕەزامەندیی لەسەر داوە.
باڵیۆزی ئێران لە ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت: سەرۆکی ئێران پەیماننامەکەی وەک یاسا دەرکردووە، بۆیە پەیماننامەکە بۆ لەمەودوا شێوەیەکی یاسایی لەهەردوو وڵات وەردەگرێت.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، 17ـی کانوونی دووەمی ڕابردوو، پەیماننامەکەیان لە مۆسکۆ ئیمزا کرد، پوتینیش لە 12ـی نیسانی ڕابردوو ئیمزای لەسەر پەسەندکردنی پەیماننامەکە کردووە.