کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: 14 کاندیدمان دوورخستەوە
ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لەدوای بەدواداچوونمان بۆ ئاستی خوێندەواری کاندیدەکان، بۆمان دەرکەوت 14 کەسیان بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە و لە سیڤییەکەیاندا نووسیویانە بڕوانامەی بەکالۆریۆسمان هەیە.
رۆژی هەینی 18-7-2025، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24 ڕاگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر بە وردی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لیست و کاندیدەکانی دەکات، ئێستا لە سیڤی چەند کاندیدێکدا نووسراوە کە بەربژێرەکە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت ڕاست نییە، ئێستا داوای گۆڕینی کاندیدەکانمان لە سەرۆکی لیستەکان کردووە بۆ کاندیدی خاوەن بڕوانامەی ئاست بەرز.
9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی تەواو شەفاف و ڕێک و پێک بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەنگاو بە هەنگاو وردبینی لە ڕێکارەکاندا دەکات.