ئەڵمانیا ڕەشبگیری پەنابەرانی ئەفغان دەکات و دیپۆرتیان دەکاتەوە

بڕیارە لە هەڵمەتەکانی داهاتوو ئەو پەنابەرە سووریانەی پێشینەی تاوانیان هەیە دیپۆرت بکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەڵمەتێکیان بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانە دەست پێکردووە کە پێشینەی تاوانیان هەیە، لە یەکەم هەنگاویشدا زیاتر لە 80 ئەفغانیان بە فڕۆکەیەک ڕەوانەی ئەفغانستان کردەوە.

میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووزی 2025، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، 81 پەنابەری ئەفغانی دیپۆرتی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کراوەتەوە، کە سەرجەمیان پێشینەی تاوانیان هەبووە.

لەوبارەوە ئەلێکسەندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەی بیڵدی ڕاگەیاندووە، پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرەکان بۆ ئەفغانستان سەرکەوتوو بووە، لە داهاتووشدا پەنابەری زیاتری ئەفغانی دیپۆرت دەکرێنەوە. 

گوتیشی: ئیتر هیچ تاوانبارێک مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا نابێت.

حکوومەتی نوێی ئەڵمانیا سیاسەتێکی توندی دژ بە کۆچبەران و پەنابەران پەیڕەو دەکات و سنوورەکانیش توند کردووە، پلانیان هەیە پەنابەرانی سووری هاوشێوەی ئەفغانییەکان دیپۆرت بکەنەوە، بە تایبەت ئەو پەنابەرانەی لە پێشینەی تاوانیاری هەیە یان لە تاوان تێوەگلاون.

لە نێو ئەو پەنابەرانەی ئەمڕۆ دیپۆرت کراونەتەوە، 12 کەسیان تاوانبارن بە کوشتن، 17 کەسی دیکەش دەستدرێژی سێکسیان کردووە، هاوکات ئەوانی دیکەش بە تاوانی جۆراجۆر بازرگانی بە مادەی هۆشبەر سزا دراون.

وەک کاردانەوەیەکیش بۆ ئەو هەنگاوەی ئەڵمانیا، گێرهارد کارنەر، وەزیری ناوخۆی نەمسا، پیرۆزبایی لە هاوتا ئەڵمانییەکەی دەکات و ڕایگەیاند، ئەورووپا توندتر مامەڵە لەگەڵ پەنابەرە تاوانبارەکان دەکات و دەبێت تاوانباری زیاتر دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.

هەر ئەمڕۆ هەینی وەزیرانی ناوخۆی ئەورووپا بۆ قسەکردن لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە مافی مانەوەیان ڕەتکراوەتەوە بۆ وڵاتی سێیەم کۆبوونەوە.

ئەلێکسەندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەو بارەیەوە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: گەورەترین کێشەیان لە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران ئەوەیە کە هەندێک لەو وڵاتانە پەنابەران وەرناگرنەوە، بۆیە دەیانەوێت ئەو پەنابەرانە دیپۆرتی وڵاتانی دراوسێی بکەنەوە، بۆیە پلانی ئەوەیان هەیە هەندێک پەنابەرانی ئەفغانی دیپۆرتی پاکستان بکەنەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment