ئەردۆغان: تورکیا بۆ میوانداریکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئامادەیە

سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ڕووسیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کرد. ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، ئاڵۆزییەکانی سووریا هەڕەشەن بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

هەینی 18ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا قسەی کرد.

نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەردۆغان و پوتن، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەردۆغان جەختی لە گرنگی دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، هەر وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکە دیاریی کرا، ئیستانبوڵ ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسیان لە دۆخی سووریا کرد و ئەردۆغان گوتی: گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە پارێزگای سویدا دروست بووە کە ئەمەش هەڕەشە و مەترسی لەسەر تەواوی ناوچەکە دروست کردووە.

هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەسەر گرنگی پێشێلنەکردنی سەروەریی خاکی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە کردەوە.

لای خۆیەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن)، لە بارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەردۆغان و پوتن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی دۆخی ئەم دواییەی سووریا کرد.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی سووریا دەربڕی و جەختیان لە گرنگی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکە لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە.

هاوکات هەردوولا، لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی تەواوی پێکهاتەکانی سووریا هاوڕابوون و، جەختیشیان لە ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە.

کرێملن، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی تاوتوێکردنی پرسی ئۆکرانیا، پوتن سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ ئامادەیی تورکیا بۆ درێژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە نێوەندگیری ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment