تۆم باراک: سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن
تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند: سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتوون.
شەممە 19ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا لە(ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لەلایەنەکانی سووریا کرد چەک دابنێن و کار بۆ بونیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو بکەن.
تۆم باراک داوای لە درووزەکان و هێزە بەدەوییەکان(هۆزە عەرەبییەکان) کردووە، چەکەکانیان دابنێن، گوتی: ڕێککەوتنەکە بە نێوەندگیری تورکیا و ئوردن و وڵاتانی دراوسێوە کراوە.
میدیاکانی سووریا ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەممووزی 2025، وردەکاری ڕێککەوتنی ئاگربەستی سوەیدایان بڵاوکردەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە:
· دامەزراوە کارگێڕیی و ئیدارییەکان و ئەمنییەکانی دەوڵەت دەگەڕێنەوە پارێزگای سوەیدا.
· گرووپە چەکدارەکانی پاریزگاکە بە دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەتەوە دەبەسترێنەوە.
· درووزەکان و گرووپە چەکدارەکانی هۆزە عەرەبییەکان، چەکە سووک و قورسەکانیان ڕادەست دەکەن.
· ئەوانەی ڕێککەوتنەکە ڕەت دەکەنەوە، ڕێگەیەکی سەلامەتییان بۆ فەراهەم دەکرێت بۆ ئەوەی لە شارەکە بچنە دەرەوە.
· لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو درووز و چەکدارانەی هۆزە عەرەبییەکان دەکرێت کە پێشێلکارییان کردووە.
· گرووپێکی سوەیدا ڕادەسپێدرێن لەگەڵ یەکەی سەربازیی دەوڵەت، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بگرنە ئەستۆ.
ئەم ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر دیمەشق و هێزە ئەمنییەکانی سووریای لە باشووری وڵاتەکە بە ئامانج گرت، داوای کرد دەستبەجێ ناوچەکە بەجێ بێڵن، ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا دووپاتی کردەوە، ئەو هەڵوێستەیان دژی سووریا، لەپێناو پاراستنی درووزەکانی ئەو وڵاتەیە.
پەیامەکەی باراک لە کاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارایی لە دەروازەی ڕۆژئاوای سوەیدا لەنێوان چەکدارانی هۆزە عەرەبییەکان و گرووپی درووزەکان ڕوویدا، ئاژانسی فرانس ئاشکرای دەکات، 200 چەکداری هۆزە عەرەبییەکان بە چەکی جۆراوجۆر هێرشیان کردە سەر سوەیدا و ڕووبەڕووی گرووپی درووزەکان بوونەوە.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریاش هەر ئەو کاتە ڕایگەیاند: زۆر بە نیگەرانییەوە لە بارودۆخی خوێناوی باشووری سووریا دەڕوانن، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند: ئەوەی لە باشووری سووریا ڕوویداوە، ئەنجامی کردەوەکانی گرووپێکی چەکداری دەرچوو لە یاسایە کە چەک بەدەستیانەوەیە و بارودۆخێک بەسەر خەڵکی ناوچەکە دەسەپێنن، ژیانی ژن و پیر و منداڵەکان دەخەنە مەترسییەوە.