ئەحمەد شەرع: نابێت تەواوی درووزەکان لەسەر تاوانی ژمارەیەکی کەمیان سزا بدرێن
سەرۆکی سووریا دەڵێت: ناکرێت تەواوی درووزەکان لەسەر تاوانی چەند کەسێکیان، بەکۆمەڵ سزا بدرێن.
شەممە 19ـی تەممووزی 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سوەیدا گوتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەشکرد، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستووەردانی ئیسرائیل ئاڵۆزییەکانی سوەیدای زیاتر کرد بەهۆی ئەو هێرشە چڕانەی کردیە سەر باشووری سووریا.
شەرع دەڵێت: وڵاتان داوایان لێکردین بۆ ئەوەی بچینە نێوندگیریی ئەو شەڕەی لە سوەیدا دەستی پێکردبوو، سووریا دەتوانێت پارێزگاری لە سەروەری خاکیی خۆی بکات.
سەرۆکی سووریا ستایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد لە پشتیوانیی کردنی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، سوپاسی هۆزەکانیشی کرد بۆ هەڵوێستیان بۆ بەرگریی لە وڵاتەکەیان و داوای لێکردن هێرشەکان ڕابگرن، گوتی: ناکرێت سزای تەواوی درووزەکان بدەین لەسەر تاوانی چەند ژمارەیەکی کەم، دەشڵێت، ڕووداوەکان سەلماندیان، درووزەکان لەگەڵ وڵات دەوەستن، تەنها ژمارەیەکی کەمیان نەبێت.
شەرع ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە لەبارەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەن کە لە پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراوە، گوتی: ئەم بارودۆخە هەستیارە وای لە هۆزە عەرەبییەکان و درووزەکان کرد یەک ڕیز بن.
ئەحمەد شەرع گوتی: سووریا مەیدانی پرۆژەی دابەشکاریی نییە، بەهەموو توانایەکیش دژی ئەوانە دەوەستینەوە کە دەیانەوێت ئاگری تایفی دروست بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا دووپات لە چەسپاندنی دادپەروەری بۆ هەمووان دەکاتەوە.