لۆس ئەنجلس..ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵغییەکدا کێشاو 30 کەسی بریندار کرد

بەرگریی شارستانیی لۆس ئەنجلس ڕایگەیاند: ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بەنێو خەڵکدا و چەندین کەسی بریندارکردووە.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، بەرگریی شارستانی لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریکا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ "ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو" لە شاری لۆس ئەنجلۆس، خۆی بەنێو قەرەباڵغییەکدا کێشاوە و بەلایەنی کەمەوە 30 کەسی بریندارکردووە کە هەندێکیان "دۆخیان ناجێگیرە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لۆس ئەنجلس ئاشکرای کردووە، لە کۆی "زیاتر لە 30" ـی بریندار، چوار بۆ پێنج کەسیان "بەلایەنی کەمەوە بارودۆخیان ناجێگیرە"، هەشت بۆ 10 کەسیش دۆخی تەندروستییان جێگیرە.

دەسەڵاتدارانی شاری لۆس ئەنجلۆس دەڵێن، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لە هۆش خۆی چووە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکەی چووەتە نێو خەڵکیی.

ڕووداوەکە لە نزیک یەکتربڕینی سانتا مۆنیکا بۆلیڤار و ڤێرمۆنت ئەڤینۆ لە ڕۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلۆس ڕوویداوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی لۆس ئەنجلۆس ڕایگەیاندووە، 124 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە هاوکاریی خەڵک دەکەن.

کاپتن ئادەم ڤان گێرپن، ئەفسەری زانیاری گشتی بەرگریی شارستانی شاری لۆس ئەنجلۆس دەڵێت: لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەریدەخات کە، ڕەنگە شۆفێرەکە هۆشی لەدەستدابێت و کەوتبێتە نێو خەڵک .