ئێران.. بەهۆی وەرگەڕانی پاسێک 46 کەس مردن و برینداربوون

ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، لە پارێزگای فارس، پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا، بەهۆیەوە 21 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سوور لە پارێزگای فارس ڕایگەیاند، پاسێک گەشتیارانی لە شارەکانی قیر و کارزین بەرەو شاری مەشهەد دەگواستەوە، لە گەردەنەموک لە ڕێگای نێوان کوار و فەیروزئاباد وەرگەڕا.

ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن چوونە شوێنی ڕووداوەکە، لەوێش تەرمی قوربانییەکان و بریندارەکان بۆ چەند نەخۆشخانەیەکی نزیک شوێنی ڕووداوەکە گواسترانەوە".

گوتیشی: باری تەندروستی بەشێک لە بریندارەکان ناجێگیرە، هێشتا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی ڕووداوەکە دەست پێ کردووە.

سەرۆکی یەکەی فریاکەوتنی پارێزگای فارس، بە ئاژانسی تەسنیمی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسەکەدا، 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 34 بریندار بوون. 

ڕێگا شاخاوییەکانی باشووری ئێران زۆرجار ڕووداوی کوشندەی تێدا ڕوودەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، کواڵێتی ڕێگاکان باش نییە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment