سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی گشتگیر لە سوەیدا ڕادەگەیەنێت

دووکەڵ ئاسمانی شاری سوەیدای داپۆشیوە
دووکەڵ ئاسمانی شاری سوەیدای داپۆشیوە

سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا ئاگربەستێکی گشتگیر لە سوەیدا ڕادەگەیەنێت و داوا لە گشت لایەنەکان دەکات پابەندی بن و ڕایدەگەیەنێت، هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەستەکە، بە پێشێلکردنی سەروەریی سووریا لە قەڵەم دەدرێت.

شەممە، 19ـی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٠٠ کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە.

ڕۆژی هەینی، دوای ئەوەی سوپای سووریا لە ئەنجامی بۆمبارانی ئیسرائیل و فشاری دیبلۆماسییەوە لە پارێزگای سوەیدا کشایەوە، هۆزە چەکدارەکان، ئەوانەی لایەنگری حکوومەتی سووریان، هێرشیان کردە سەر درووزەکان.

سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەستەکە، بە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی سووریا لە قەڵەم دەدرێت و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی بن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنکارییەکان لە هەموو ناوچەکاندا بهێنن."

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، نوورەدین ئەل-بابا، لە پەیامێکدا، لە تێلێگرام ڕایگەیاند "هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بە ئامانجی پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل و کۆتاییهێنان بە پشێوی، لە سوەیدا بڵاو کراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە وەزارەتی ناوخۆی سووریاش ڕایگەیاند، خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی سوەیدا بریتین لە:

1- بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخو لە گوندەکای ڕۆژئاوا و باکووری سوەیدا بە مەبەستی ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی گرژییەکان.

2-بڵاوکردنەوەی هێزکانی ئاسایشی ناوخۆ تەنیا لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان، نەک لە ناو شارەکاندا.

3-کردنەوەی ڕێڕەوێک لە نێوان دەرعا و سوەیدا بۆ دەرچوونی هاووڵاتیان و برینداران.

4-ئازادکردنی ئەو بەدەوییانەی لە لایەن گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە دەستگیر کراون.

5- ئاگربەست لە ماوەی 48 کاتژمێردا بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

شێخ حیکمەت ئەلحیجری، یەکێک لە سێ سەرکردە ئایینییەکەی کۆمەڵگەی درووزەکانی سووریا، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئاگربەستەکە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ زامنکردنی سەلامەتیی ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان و کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە لایەن چەکدارانی هۆزکانەوە گەمارۆ دراون."

نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان لە سوەیدا و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەبارەی توندوتیژییەکانەوە کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا، لانیکەم ٧١٨ کەس لە هەردوولا کوژراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment