وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئوردن و نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆدەبنەوە

چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ هەر یەکە لە وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و سووریا، هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەکەش تاوتوێکردنی دۆخی سوەیدایە.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، تاوتوێی پرسی ئاگربەستی سوەیدا، پاراستنی درووزەکان و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە پارێزگاکەدا، کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتەکە، جەختی لە هاوسۆزی و پشتیوانیی ئوردن، بۆ سووریا و گەلی وڵاتەکە کردووەتەوە. هاوکات ئاماژە بەوە کراوە، ئاسایش و سەقامگیری سووریا، هۆکارە بۆ سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی ئوردن، هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا و دەستوەردانەکانی لە کاروباری وڵاتەکەدا، سەرکۆنە کردووە. هەروەها بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێناسەی کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی سووریا، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ هەر یەکە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سوەیدا و دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە پارێزگەکە، کۆببنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment