ئه‌نقه‌ره: هێزی ده‌ریایی توركیا له ئاماده‌باشیدایه
پارێزگاری له كه‌شتییه‌كانی دۆزینه‌وه‌ی وزه ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری توركیا، رایگه‌یاند، هێزه ده‌ریاییه‌كانی سوپای توركیا به‌رده‌وامن له چاودێریكردن و پارێزگاریكردن له‌و كه‌شتیانه‌ی له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای ره‌شدا به دوای سه‌رچاوه‌كانی وزه‌دا ده‌گه‌ڕێن.
وه‌زاره‌ته‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه، گوتیشی: هێزه‌كانی سوپای توركیا له ده‌ریادا سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی نیشتمانی خۆیانن و به‌رده‌وامن له ئه‌ركی پاراستنی كه‌شتییه‌كانی به‌دواداگه‌ڕانی وزه.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، هه‌ریه‌ك له كه‌شتییه‌كانی: "فاتح" له ده‌ریای ره‌ش، "یاووز" و "باربارۆس خیره‌دین پاشا" له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستن.
به هۆی به‌دواداگه‌ڕانی سه‌رچاوه‌ی وزه و هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ دۆزینه‌وه‌ی غاز له نزیك سنووری ئاویی هه‌رێمایه‌تی یۆنان، گرژی له نێوان ئه‌نقه‌ره و ئه‌سینا درووست بوو و یه‌كێتی ئه‌وروپا هۆشداری دا له ئه‌گه‌ری ئاڵۆزبوونی زیاتری ره‌وشه‌كه و داوای له ئه‌نقه‌ره كرد، كه‌شتییه‌كانی له نزیك سنووره ئاوییه‌كانی یۆنان بكێشێته‌وه.